بانکی ناوەندی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە کاتی دابەزینی نرخی دۆلار کرد و هاوکات جەختی لەوەشکردوەتەوە، بە نرخێکی کەم دۆلار دەداتە کۆمپانیاکانی دراو لە هەرێم بەو مەرجەی خۆیان رێکبخەنەوە.
ئیحسان یاسری، راوێژکاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند: بەرزبونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و ناگاتە کۆتایی ئەم مانگە نرخەکەی دەبێتەوە بە 147 هەزار دینار و بانکی ناوەندیش بەردەوام لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی ناوەندی چەند سەکۆیەکی بۆ فرۆشتنی دۆلار داناوە بۆ ئەوەی دۆلار نەبرێتە دەرەوەی عێراق و بەشێوەیەکی رێکخراو لەناو وڵاتدا بمێنێتەوە و پێویستی بازاڕە ناوخۆییەکان پڕ بکاتەوە.
هەر ئەمڕۆ، بانکی ناوەندیی عێراق لە نوسراوێکدا داوا لە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی هەرێم دەکات، تاوەکو رۆژی 1ـی ئازاری 2023 خۆیان لەگەڵ هەمواری رێنماییەکانی رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بگونجێنن و کۆمپانیاکانیان تێکەڵبکەن، بەجۆرێک پێنج کۆمپانیا بکرێت بەیەک.
لە نووسراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق لە هەولێر هاتوە: ئاماژە بە نووسراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی جێبەجێکردنی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراق و خۆگونجاندنی کۆمپانیاکان لەگەڵ (رێنماییەکانی ژمارە 1ی ساڵی 2023 بۆ رێکخستنی کاری کۆمپانیاکانی دراو و نێوەندگیری بۆ فرۆشتنی دراوە بیانییەکانی هەموارکراو) کە بەکردەیی یەکگرتنی کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی جۆرەکانی A و B، پێویستە ئەم دوو بڕگەیە جێبەجێ بکەن:
1- پێویستە تاوەکو رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵی 2023 هەمو کۆمپانیاکانی دراو سەردانی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و لقی سلێمانی بانک بکەن بۆ جێبەجێکردن و خۆگونجاندن لەگەڵ رێنماییەکانی تایبەت بەو پرسە کە ئاماژەی بۆ کراوە و پەلە بکەن لە پێشکێشکردنی داواکارییەکانی یەکگرتن لە چوارچێوەی جۆرەکانی A و B.
2- لە دوای رۆژی 1ی ئازاری ئەمساڵ، هەر کۆمپانیایەک کە خۆی لەگەڵ رێنماییەکان نەگونجێت، دادەخرێت و مۆڵەتی پێشووی کارکردنی لێ وەردەگیرێتەوە و هەڵدەوەشێنرێتەوە.