ئەمڕۆ چوارشەممە 22-02-2023، بانکی ناوەندیی عێراق، وەکو بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی، ژمارەیەکی رێکاری نوێی راگەیاند کە دەبنە بەشی دووەمی رێکارەکانی.
لەو رێکارانەی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاندوون، رێکخستنی پارەدارکردنی بازرگانیی دەرەکی لەگەڵ چین بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بە بەکارهێنانی دراوی یوانی چینی. ئاماژەی بەوەشکردووە کە دواتر ئاسانکاریی دیکە بۆ ناردنی پارە بۆ ئەمریکا و ئەورووپا بەهەمان میکانیزم دەخرێتەڕوو.
بانکی ناوەندیی عێراق باسی لەوەشکردووە، ئەو بەڵگەنامانەی داوا دەکرێن بۆ حەواڵەکردنی پارە بۆ دەرەوە برییتی دەبن لە لیستی بازرگانی (پسوولە)، یان بەڵگەنامەی بانکی، بەو مەرجەی بریکارەکە دواتر بەڵگەنامەی پێویست پێشکەش بە بانک بکات کە کاڵاکەی هێناوەتە نێو عێراق.
هەروەها ئاسانکاری بۆ بریکارەکانی کۆمپانیاکانی ناردنی پارە دەکرێت وەکو (وێستێرن یونیون و مۆنیگرام)، لە یەکێک لە بانکەکانی عێراق.
خاڵێکی دیکەی رێکارەکان، رێگەدانە بەهەر هاووڵاتییەکی عێراقی لە مانگێکدا بڕی 7500 دۆلار وەکو زۆرترین بڕ لە رێگەی کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنەوە، حەواڵە بکات، ئەوەش بە نرخی 1320 دینار بۆ هەر دۆلارێک. بانکی ناوەندی لای خۆیەوە دۆلار بەو نرخە بەو کۆمپانیایانە دەفرۆشێت. بۆ ئەو مەبەستەش بانکی ناوەندی لیستی بریکارە باوەڕپێکراوەکان بڵاودەکاتەوە.