بانکى ناوەندیى عێراق بۆ ئەمڕۆ سێشەممە زیاتر لە 69 ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە کە زیاتر لە 30% کەمترە لەو بڕە دۆلارەى رۆژى پێشتر بۆ حەواڵەى دەرەکى و فرۆشتنى نەختینەیی خستییە بازاڕەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ـى کانوونى دووەمى 2023، دەروازەى فرۆشتنى دۆلارى سەربە بانکى ناوەندیى عێراق ئەو بڕە دۆلارەى بڵاوکردەوە کە ئەمڕۆ دەیخاتە بازاڕەوە کە 69 ملیۆن و 625 هەزار و 115 دۆلارە، لەو بڕە 45 ملیۆن و 200 هەزار دۆلارى بۆ فرۆشتنى نەختینەییە و 24 ملیۆن و 425 هەزار و 115 دۆلاریشى بۆ حەواڵەى دەرەوەیە بە نرخى 1460 دینار بەرامبەر بە دۆلارێک.
ئەوە لەکاتێکدایە کە دوێنێ بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاند، بڕی 91 ملیۆن و 500 هەزار و 748 دۆلاری خستە بازاڕەوە.
بڕیارە 2ـى شوباتى 2023، شاندێکى بانکى ناوەندیى عێراق لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵ و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار و رۆژانى 8 و 9ـى هەمان مانگ بۆ هەمان مەبەست سەردانى ئەمریکا بکەن.