بانکی جیهانی بە بڕی 1.78 ملیار دۆلار هاوکاری دەداتە تورکیا بۆئەوەی قەرەبووی زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ـی شووبات بکاتەوە، کە تائێستا گیانلەدەستدانی سەروو 18 هەزار کەسی لە تورکیا لێکەوتووەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 10ـی شوباتی 2023 دەیڤید ماڵپاس، سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاند، “هاوکاریی دەستبەجێ دابیندەکەین و ئامادەکاری بۆ هەڵسەنگاندنێکی خێرا دەکەین لەبارەی پێداویستییە گەورە و هەنووکەییەکانەوە”.
سەرۆکی بانکی جیهانی وتیشی، “دەستنیشانی ئەو ناوچانە دەکەین کە پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و بوونیاتنانەوەیە، لە کاتێکدا کار بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانە دەکەین کە پێویستیان بە هاوکارییە”.
ئاماژە بەوەشدەکات، هاوکاریی هەنووکەیی بە بڕی 780 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئاژانسی وەڵامدانەوەی خێراوە دابین دەکرێت. باس لەوەش دەکات کە “هاوکارییەکە بۆ بونیاتنانەوەی ژێرخانی سەرەکی لەسەر ئاستی پارێزگاکان بەکاردەهێندرێت”.
روونیشیکردەوە، بڕی یەک ملیار دۆلاری دیکەش لە هاوکاریکردنی ئەو خەڵکە خەرج دەکرێت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ی شووباتەوە کە گوڕەکەی 7.7 پلەی رێختەر بوو، تاکو ئێستا لانیکەم 18 هەزارو 342 کەس لە تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 74 هەزار و 242 کەسی دیکەش بریندار بوونە.