بەبۆنەی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە، بافڵ تالەبانی پەیامێک بڵاودەکاتەوە و تیایدا رایدەگەیەنێت، بە خەمێكی قووڵەوە یادی ئەو كارەساتە گەورەیە دەكەینەوە كە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرا.
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی:
ئەمڕۆ 34 ساڵ بەسەر كیمیابارانی شاری هەڵەبجەی خۆڕاگردا تێدەپەڕێت و بە خەمێكی قووڵەوە یادی ئەو كارەساتە گەورەیە دەكەینەوە كە بەرامبەر گەلی كورد ئەنجامدرا.
دەبێت لەم رۆژەدا واز لە دروشم بهێنین و بەكردار خزمەتی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان بكەین. بەرپرسیارێتی نیشتمانیی و نەتەوەیی ئێمەیە ئاسەوارەكانی ئەم برینە ساڕێژ بكەین و هیوا بۆ هەڵەبجەییەكان بگەڕێنینەوە. پێویستە حكومەتی عێراق بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجە بكات و قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان و برینداران بكاتەوە.
داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم ئاوڕی جددی لە داخوازییەكانی خەڵكی ئەو شارە خۆشەویستە بداتەوە و خزمەتی زیاتری هەڵەبجەییەكان بكات. دەبێت ئەو غەدرەی دەرحەق بە هەڵەبجەو دانیشتووانەكەی كرا ببێتە وانەیەك و رۆحی یەكگرتوویی و تەباییمان تێدا پتەوتر بكات.
دەبێت سەركردایەتیی سیاسیی كورد لەوە تێبگات چەند لە دیدگ و روانینمان بۆ سیاسەت جیاواز بین، بەڵام لە ئازاردا هاوبەشین و دەبێت كارێك بكەین جارێكی تر هاووڵاتییانمان رووبەڕووی سەختی و نەهامەتی نەبنەوە.
دەبێت هەموو خەڵكی خۆشەویستی كوردستان بەیەك چاو سەیربكرێن و خزمەت بكرێن. ئازادیی ئەمڕۆ و دروستبوونی دامەزراوە دەستوورییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێكۆشانی خەڵكە، ئەركی ئێمەیە بەرپرسیارێتی ژیان و گوزەرانی خەڵك هەڵبگرین و بەرامبەر قوربانییەكانیان وەفاداربین.
سڵاو لە رۆحی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاریی كوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
16ـی ئاداری 2022