یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانەکانى ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێم، لە بازگەیەکی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستگیرکرا.
بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد, “دواى چەندین ساڵ بەدواداچوون، کۆکردنەوەى زانیارى و چاودێرى ورد سەرەنجام هێزەکانى بنکەى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکانى سۆران توانیان تۆمەتبار ( س.ع.خ ) یەکێک لە گەورەترین بازرگانەکانى ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان لە بازگەى گۆجار سەر بە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران دەستگیرى بکەن”.
ئاماژە بەوەشکراوە، “تۆمەتبار خەڵکى ئیدارەى راپەڕینە و دانیشتووى قەلادزێ و وڵاتى ئێرانە و پشکى شێرى هەبووە لە بڵاوکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکان بە هەموو جۆرەکانى کریستال، هێرویین و تریاک لە هەرێمى کوردستان”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لە ماوەى ئەم چەند ساڵە هێزەکانى نەهێشتنى ماددە هۆشبەرەکان، توانیان دەست بگرن بە سەر رێژەیەکى زۆر لە جۆرەکانى ماددەى هۆشبەر و حەبى هۆشبەر و چەندین ئۆتۆمبێل و دەستگیر کردنى ژمارەیەکى زۆر لە ئاڵوودەبووان و فرۆشیارانى ماددەى هۆشبەر کە کاریان بۆ ( س.ع.خ ) کردووە. ناوبراو سەرپەرشتى باندەکى گەورەى هاوردە کردن و بڵاوکردنەوەى ماددە هۆشبەرەکانى دەکرد و بە دەستگیرکردنى ئەم بازرگانە، ماددەى هۆشبەر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەى بەرچاو روو لە کەمبوون دەکات”.