بازاڕکردنی ئۆنڵاین لە ئێستادا خواستێکی زۆری لەسەرە

بازاڕکردنی ئۆنڵاین لە ئێستادا خواستێکی زۆری لەسەرە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
بازاڕکردنی ئۆنڵاین لە ئێستادا خواستێکی زۆری لەسەرە
0

لایک

ساڵانێکی زۆرە لە جیهان خەڵک لە بری ئەوەی بچن بۆ دەروە پێداویستییەکانیان بکڕن و بازاڕبکەن، تەنها بە چەند خولەکێک لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ئەو کارە ئەنجام دەدەن.

 

 

بازاڕکردنی ئۆنڵاین بووەتە شێوازێکی باوی کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل، ئەمەش وایکردووە بڕاندەکان یاخود پێشانگاکان شێوازی خزمەتگوزارییەکانیان بەشێوەی ئۆنڵاین بەردەستبکەن. چونکە زۆربەی خواستی کڕیاران بریتییە لە کڕین بەشێوازی ئۆنڵاین.

 

لە عێراق و هەرێم-یشدا خەڵکێکی زۆر بازاڕکردن بە سیستەمی ئۆنڵاین هەڵدەبژێرن. چونکە هەندێک کەس کاتی ئەوەی نییە بچێت بۆ بازاڕ و سەنتەرەکانی بازاڕکردن.

 

ئیبراهیم نەجات، خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیا ئۆنڵایینەکان بە تەبا-ی راگەیاند، کە خەڵک لە رێگای لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان پەیوەندییان پێوەدەکەن، ئەوانیش لە ماوەیەکی دیاریکراو بۆیان دابین دەکەن.

 

نەجات ئاماژەی بەوەدا کە خەڵک زیاتر داوای جلوبەرگ دەکات و بەشێکیشیان بۆ داواکردنی کەلوپەلی رازاندنەوەی ناو ماڵ نامەیان بۆ دەنێرن.

 

ئیبراهیم نەجات جەختی لەوە کرد کە کڕیارەکان نرخەکان دەبینن و ئەوانیش بەبری ٣ دۆلار بۆ هێنانەوەی کەرەستەی داواکراو دەخەنە سەر نرخەکە و وتی، “زیاتر لە تورکیا کەلوپەل دەهێنینەوە چونکە خەڵک زیاتر داوای کاڵای تورکی دەکات. کڕیارەکانمان سەیری ئەو وێبسایتانە دەکەن کە جلوبەرگ دەفرۆشن و نرخەکەی دەبینن، واتە تەنها پارەی هێنانەوە دەخرێتە سەر نرخەکە”.

 

ئەو خاوەن کۆمپانیایە راشیگەیاند کە بەهۆی دۆخی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڕۆنا خەڵک کەمتر داوای کەلوپەل دەکەن، بەڵام بەر لەسەرهەڵدانی ئەم بارودۆخە داواکارییەکی زۆر لەسەر بازاڕکردنی ئۆنڵاین هەبوو و وتیشی، “بەهۆی ئەوەی جلوبەرگ پێداویستییەکی گرنگە سێکتەرەکەی ئێمە کەمتر کاریگەرییەکانی کۆرۆنا و دۆخی دارایی پێوە دیارە بەڵام هەر کاریگەری خۆی هەبووە”.

 

سەبارەت بە بوونی هەر کێشە و کەموکورییەک لە کاتی بەدەستگەیشتنی بەرهەمەکاندا نەجات وتی، “لەکاتی بوونی هەر کێشەیەک کڕیارەکانمان بۆیان هەیە لە ماوەی ١٥ رۆژ کاڵاکە بگەڕێننەوە بۆمان، ئێمەش دەیگەڕێنینەوە تورکیا. دواتر کێشەکە چارەسەر دەکرێت و کاڵاکە بۆ کڕیار دەگەڕێتەوە”.

 

نەجات لە کۆتاییدا سەبارەت بە ماوەی گەیشتنی کاڵاکان ئاماژەی بەوەدا، “دوای داواکردنی کاڵا لە ماوەی ١٠-١٢ رۆژ ئێمە دەیهێنینەوە و رادەستی کڕیارەکانمان دەکەین”.

 

هەواڵ: بارزان لوقمان

فۆتۆ: محەمەد ئەمین