مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی هێرشەکەی سەر هەولێریان (ئەربیل) کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە رۆژی یەكشەممە 13ی ئاداری 2022 سەرۆك مەسعود بارزانی لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەید موقتەدا سەدر كرد.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لەو پەیوەندییەدا بیروڕا لەبارەی پەلاماری مووشەكیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر ئاڵوگۆڕ كرا و هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە لیژنەیەكی لێكۆلینەوە بۆ دەرخستنی راستییەكان پێكبهێندرێت لەسەر ئەو ئیدعایەی كە گوایە بارەگای ئیسرائیلی لە هەولێر هەن و كراوەتە بیانوو بۆ پەلاماردانی هەولێر.”
شایەنی باسە سەدر، لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند، “نابێت خاکی عێراق لە باکوورییەوە تاوەکو باشووری، هەروەها لە رۆژهەڵاتەوە تاوەکو رۆژئاوای، بکرێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێ سیاسی و ئەمنی و سەربازییەکان”.
موقتەدا سەدر دەڵێت وەک چۆن سەرکۆنەی ئەو هێرشانە دەکەن، کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ، لە هەمانکاتدا هەر دەستوەردانێکی دەرەکی و بۆردومانکردنی خاکی عێراق، کە خاوەنی سەروەریی تەواوە سەرکۆنە دەکەن.
رێبەری رەوتی سەدر داوا دەکات دەبێت لە ئێستاوە لایەنە پەیوەندیدارەکان یاداشتنامەیەکی ناڕەزایەتی بدەنە نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵیۆزی ئێران، هەروەها گەرەنتی بەدەستبهێنن، کە لە ئایندەدا ئەوە دووبارە نەبێتەوە، چونکە تێوەگلاندنی عێراق و ئاسمان و خاکەکەی و پیرۆزییەکانی لەو ململانێیانە، پێشهاتێکی ترسناکە کە نابێ بێدەنگی لە ئاستیدا بنوێنرێت.