سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، “لە کارەساتی شنگالدا، پێنج ھەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی بوونە قوربانی، تا ئێستا توانیوومانە سێ ھەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ رزگار بکەین و دوو ھەزار و 717 ئێزدی رفێندراویش لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 8ـی 2022، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی و ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارانی وڵاتان، هەروەها ژمارەیەک بەرپرسی هەرێم رێوڕەسمێک بۆ هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی یەزیدییەکان بەدەستی تیرۆریستانی داعش لە قەزای سێمێل سەربە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو.
هاوکات لە رێوڕەسمەکەدا، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا تیشکی خستەسەر هەوڵەکانییان بۆ رزگارکردنی یەزیدییەکان لە چنگی داعش و دووپاتی کردەوە کە ئەوەی لە سنجار روویدا کارەساتێکی سەردەم بوو، ئاماژەی بەوەیش کرد کە دەبێت هەوڵبدرێت کاریگەری ئەو کارەساتە کەمبکرێتەوە.
بارزانی وتی، “ئەمڕۆ ھەموومان بە یەکەوە بەدڵێکی زۆر خەمناکەوە یادی ھەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدی شنگالییەکان دەکەینەوە کە گەورەترین کارەساتی سەدەی بیست و یەکە بەسەر ئێزدییەکان و گەلی کوردستاندا ھات، ئەو کارەساتەی داعش بووە پەڕێکی دیکەی خوێناوی لە مێژووی کوردستان و فەرمانێکی دیکەیە لەسەر ئێزدییەکان، پێنج ھەزار ژن و منداڵ و پیاوی ئێزدی بوونە قوربانی. تا ئێستا دوو ھەزار 717 ئێزدی رفێندراو ماون و ھێشتا 325 ھەزار ئێزدی لە کەمپەکان ئاوارەن، 100 ھەزار ئێزدی لە وڵاتانی جیھان بوونەتە پەنابەر، زۆرینەی شنگال وێران بووە و خەڵکەکەی بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە”.
وتیشی، “بهێننە بەرچاوتان لە ماوەی چەند رۆژێکدا ھەزاران ئێزدی گوللـەبارانکران، لە گۆڕی بەکۆمەڵدا بە خاکسپێردران. ھەزاران کچ و خوشکی ئێزدی رفێندران و کڕین و فرۆشتنیان پێوەکرا، بە ھێزی چەک و کوشتن ھەوڵێکی زۆریاندا بۆ ئەوەی ئایینەکەیان بگۆڕن، من دەزانم دڵی ھەمووتان پڕە لە خەم و پەژارە و حەسرەت، خەمی ئێوە زۆر گەورەیە، ئەو ژمارانەی ئێمە باسمان کرد زۆر خەمناکە، بەڵام دەبێت ھەمیشە گەورەیی ئەو کارەساتە لەبەرچاومان بێت، بۆ ئەوەی ھەوڵبدەین و کار بکەین و زووتر چارەسەر بکەین و کاریگەرییەکانی کەم بکەینەوە و ھەوڵبدرێت جارێکی دیکە ئەو کارەساتە بەسەر میللەتی ئێمە دووبارە نەبێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەیش کرد کە هەر لە یەکەمین رۆژی کارەساتەکەوە بەڵێنیانداوە کە هەرچی لە توانایاندا بێت بۆ پاراستن و مانەوەی یەزیدییەکان دەیکەن و وتی، “سەرباری کۆمەڵکوژی و وێرانکردنی شنگال، بەڵام رفاندن و کڕین و فرۆشتنی خوشک و دایکی ئێزدییەکان زیاتر لە ھەر شتێکی دیکە دڵی ئێزدییەکان و ھەموو کوردستانیانی بریندار کرد. ئەمە تا ئێستا بۆ ھەموومان برینێکی کراوەیە و بە ئاسانیش لەبیر ناکرێت، ھەر ئەوکات نووسینگەیەکمان بۆ رزگارکردنی رفێندراوان کردەوە، تا ئێستا توانیویانە سێ ھەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ رزگار بکەن، بەڵێنمانشمانداوە تا ژنێک، پیاوێک یان منداڵێکی رفێندراو مابێت بەردەوام دەبین، ئەمە ئەرکی سەرشانی ئێمەیە و کەمترین شتە ئەوەی لەدەستمان بێت بەرامبەر بە میللـەتی خۆمان و بەرامبەر خوشک و برا ئێزدییەکانمان بکەین، ئەمە ئەرکی ئێمەیە و ھیچ منەتێکی تێدا نییە”.
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق داوایشی کرد هەر کەسێک زانیاری دەربارەی رفێنراوەکان هەیە پێویستە هاوکاری نووسینگەی رزگاردنی رفێندراوان بکات تا بتوانن ئەو رفێندراوانە بدۆزنەوە و وتی، “کاتێک ئەو کارەساتە روویدا بە ھاوکاری خەڵکی خۆشەویستی پارێزگای دھۆک و نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارێکی خێرا و ھەمەلایەنەی کرد بۆ نیشتەجێکردن و پشتیوانیکردنی ئاوارەکانی شنگال، ھاوکارییەکانی خەڵک لەوکاتدا و ئێستاش بۆ ئاوارەکان جێگای شانازی و سوپاس و پێزانینێکی بەردەوامە”.
سەرۆکی هەرێم سوپاسی رۆڵی خەڵکی بادینان بە گشتی و رۆشنبیران، مامۆستایانی زانکۆ و مامۆستایانی ئایینی بە تایبەت کرد و وتی، “من ھەرگیز لەبیر ناکەم، لە ھەندێک شوێن مامۆستایانی ئایینی بڕیاریاندا مزگەوت چۆڵ بکەن بۆ ئەو ئاوارانە. ئەو تابلۆی پێکەوەژیانە بە تایبەتی لە کوردستان و بە تایبەتتر لە پارێزگای دھۆک جێگای شانازییە بۆ میللەتی ئێمە، پێویستە تا ھەتایە ئەمە بمێنێت و ئەو پێکەوەژیانە بەردەوام بێت”.
بەرەبەیانی سێی ئابی 2014، رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری سنجار ـی دا و بەهۆیەوە هەزاران یەزیدی کوژران و ئاوارەبوون، هەزارانی دیکەش کەوتنە ژێر دەستی داعش و ژن و کچەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرا.
نزیکەی پەنجا هەزار یەزیدی پەنایان بردە بەر چیای شنگال و لەوێ لەلایەن تیرۆریستانی داعش گەمارۆدران بەبێ ئاو و خۆراک لەوێ مانەوە و ژمارەیەکیشیان لە تێنوویەتی و لە برسا گیانیان لەدەست دا.
حکوومەتی هەرێم لە میانی هەوڵەکانی بۆ رزگارکردنی ئێزدییەکان لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، تا ئێستا توانیوویەتی سێ ھەزار 554 ژن و پیاو و منداڵ لە کۆی شەش هەزار و 271 کەس رزگار بکات و هێشتا دوو ھەزار 717 ئێزدی رفێندراو لەژێر دەستی چەکدارانی داعش ماون.