بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکگۆرک: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکگۆرک: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت

بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکگۆرک: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
بارزانی لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەکگۆرک: هیچ بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت
0

لایک

ئەمڕۆ سێشەممە 17ی كانوونی دووەمی 2023، لە پیرمام مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای ئەمریكا بە سەرۆکایەتیی برێت مەکگۆرک، رێكخەری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا کرد.

بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد تاوتوێ كراوە و “جەخت لە پێویستیی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و، بایەخی رۆڵی عێراق و هەرێمی كوردستان لە تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی بەردەم وزە لە ئاستی جیهانیدا كرایەوە”.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی هەرێم کراوە و تیایدا بارزانی ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە “پێویستە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنێكی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت و هیچ بیانوویەكیش بۆ دواخستنی هەڵبژاردن قبووڵ ناكرێت”.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بارزانی ئەوەشی خستووەتەڕوو كە “خوازیاری ئەوەیە لەپێناو تێپەڕاندنی تەحەدییەکان و پاڵپشتیكردنی حكومەتی هەرێم، كۆبوونەوە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بەردەوام بێت”.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوون و شاندی میوان جەختی لە بایەخی ئاساییش و سەقامگیریی لە عێراق و هەرێم كردەوە.

شاندەکەی ئەمریکا جگە لە برێت مەکگۆرک پێکهاتبوون لە: ئامۆس هۆكشتین، رێكخەری تایبەتی سەرۆكایەتیی بۆ ژێرخانی جیهانی و ئاسایشی وزە و ئالینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەک راوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا.