مەسعود بارزانی: دادگەی فیدراڵیی عێراق جێگەی دادگەی شۆڕشی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • مەسعود بارزانی: دادگەی فیدراڵیی عێراق جێگەی دادگەی شۆڕشی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە

مەسعود بارزانی: دادگەی فیدراڵیی عێراق جێگەی دادگەی شۆڕشی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
مەسعود بارزانی: دادگەی فیدراڵیی عێراق جێگەی دادگەی شۆڕشی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە
0

لایک

مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند “بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە”.

لە پەیامەکەیدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوە کردووە، “جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدراڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دووژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ی رژێمی پێشووی گرتووەتەوە”.

دەقی پەیامەکەی مەسعود بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕوون و تێروتەسەل بووە كە هەموو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمة الثورة)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

لێرەدا داوا لە حكوومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی

25ی كانوونی دووەمی 2023