”ئەگەر ئیسرائیل مەرجەکانمان بەجێنەگەیەنێت ئاگربەست پشتگوێ دەخەین”

”ئەگەر ئیسرائیل مەرجەکانمان بەجێنەگەیەنێت ئاگربەست پشتگوێ دەخەین”

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
”ئەگەر ئیسرائیل مەرجەکانمان بەجێنەگەیەنێت ئاگربەست پشتگوێ دەخەین”
0

لایک

سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل ئەو مەرجانە جێبەجێ نەکات کە پەسەندی کردووە، رێککەوتنی ئاگربەست پشتگوێ دەخەن و سەرلەنوێ دەست دەکەنەوە بە جەنگ.

لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا زیاد نەخالە، سکرتێری گشتیی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین لە تەهرانی پایتەختی ئێران سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کە لە پێنجی ئابدا دەستی پێ کرد و دوێنێ بە نێوەندگیری میسر هەریەک لە ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی گەیشتنە ئاگربەست.

هاوکات سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین باسی لەوە کرد کە ئیسرائیل لە هێرشەکانیدا نەگەیشتووە بە ئامانجەکەی لە کەرتی غەززە و رایگەیاند، ”ئەگەر ئیسرائیل یەک ئامانجی بپێکایە، هەوڵی نەدەدا لەگەڵ بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بگاتە رێککەوتن. ئیسرائیل لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و میسرەوە هەموو هێزی بەردەستی بەکارهێنا بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست. 24 کاتژمێر پەیوەندی لەگەڵ کەرتی غەززە و لێرەدا لەگەڵ ئێمە و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە بەردەوام بوو بۆ دەستەبەرکردنی ئەو رێککەوتنی ئاگربەستە”.

زیاد نەخالە هەروەها باسی لەوە کرد کە لە یەکەم ساتەوە ئازادکردنی بەسام سەعدی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی و خەلیل عەواودە کە دەستبەسەرە و مانی لە خواردن گرتووە وەک مەرج داناوە و ئیسرائیل لە کۆتاییدا ئەو مەرجەی پەسەند کردووە.

سکرتێری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین، زیاد نەخالە ئەوەشی خستەڕوو کە خەلیل عەواودە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە دەردەچێت و پاشان دەچێت بۆ ماڵەوە، بەڵێنی نووسراوی روونیشیان لە میسر وەرگرتووە کە بەدواداچوون بۆ ئازادکردنی بەسام سەعدی دەکات لە کورترین ماوەدا.

نەخالە وتیشی، ”ئەگەر ئیسرائیل مەرجەکەنمان جێبەجێ نەکات کە پەسەندی کردووەن، ئەوا ئاگربەست پشتگوێ دەخەین و بێ دوودڵی سەرلەنوێ دەست بە جەنگ دەکەینەوە”.

ئیسرائیل لە پێنجی ئابدا دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە و لەبەرامبەردا لە کەرتەکەوە ژمارەیەک مووشەک ئاڕاستەی ئیسرائیل کران. لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا، 44 هاووڵاتیی فەڵەستینی کە 14ـیان منداڵ و چواریان ژن بوون گیانیان لەدەست دا، لایەنی ئیسرائیلیش هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو.

بەنێوەندگیری میسر ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە ئەنجامدرا کە لە دوێنێ کاتژمێر 23:30 بەکاتی ناوخۆ (23:30 بەکاتی هەولێر) چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.