سەرکردەیەکی دیاری نێو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوەدا کە ئەگەرێکی زۆر هەیە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دەرەوەی ناوچەی سەوز لە بەغداد ئەنجام بدرێت و هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە چڕکراوەتەوە.
لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا فازڵ مەوات، سەرکردەی دیاری چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە و تێیدا هاتووە کە ئەگەریکی زۆر هەیە کۆبوونەوەکە لەدەرەوەی ناوچەی سەوز لە بەغداد ئەنجام بدرێت بە بەشداری هێزە کوردییەکان و سوونەکان.
هاوکات لە لێدوانەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە کە کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت و تاوەکو ئێستا شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.
ئەمڕۆ لەپەیامێکدا موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاندبوو، “دەمەوێت ئەوەتان پێڕابگەیەنم، پێشنیازێکمان دایە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ئاشکرا و راستەوخۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، بهڵام وەڵامەکەی ئەوان وەک پێویست نەبوو”.