پۆلیسی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، ئەو کەسەی شەوی رابردوو لە سێبەردان شەش کەسی شێلا و دواتر رایکرد، خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
بەگوێرەی راگەیەنەدراوێكی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئەو کەسەی شەوی رابردوو لە سێبەردان بە ئۆتۆمبێل پیاوێک و ئافرەتێک و چوار منداڵی شێلا، خۆی رادەستی پۆلیس کرد.
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئەو کەسە هەمان شەو دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا گیرا و خۆشی لە شوێنی رووداو هەڵاتبوو، ئەمڕۆش لە ژێر فشاری هێزەکانی پۆلیس خۆی رادەستی بنکەی پۆلیسی کەسنەزان کرد.
تۆمەتبارەکە ناوی (ر. ل. ح)ـە، بەپێی ماددەی (23)ـی هاتووچۆ و ماددە (421) لە یاسای سزادان، رادەستی دادگا کرا.
فازل حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر پێشتر باسی لەوەکردبوو، ئۆتۆمبێلەکە لە شەقامی کۆڵانێکی باریک بە خێرایی سەروو 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا رۆیشتبوو، ئەوەش ببووە هۆی ئەو کارەساتە.