ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق روونكردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق روونكردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق روونكردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:45
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق روونكردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە
0

لایک

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق رایگەیاند كە تا ئێستا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو كەسانەی كە تاوانی كوشتن و رەفاندنیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەنجامداوە بەدەست نەگەیشتووە و ئاماژە بەوەیش دەكات کە ئەو دەنگۆیەی لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە دوورە لە راستی.

 

 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق روونكردنەوەیەكی سەبارەت بە دەنگۆی رادەستكردنی دۆسیەی تایبەت بەو كەسانەی كە تاوانی كوشتن و رەفاندنیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو ئەنجامداوە، بڵاوكردەوە.

 

لە روونكردنەوەكەدا هاتووە “تا ئێستا دۆسیەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو كەسانەی كە تاوانی كوشتن و رفاندنیان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو لە سەردەمی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی-دا ئەنجامداوە، بەدەستمان نەگەیشتووە و ئەو دەنگۆیەش كە لەوبارەوە بڵاوكراوەتەوە دوورە لە راستییەوە”.

 

لە روونكردنەوەكەدا ئەوەیش هاتووە “تا ئێستا تەنها دۆسیەی لێكۆڵینەوەی كارگێڕی كە پەیوەست نییە بە تۆمەتباران، بەدەستمان گەیشتووە”.

 

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە روونكردنەوەكەیدا وەڵامی لێدوانێكی وەزیری بەرگریی پێشووی عێراقی داوەتەوە و رایگەیاندووە لە دۆسیەكەدا، ئاماژە بە كەمتەرخی هیچ لایەنێك لە لێكۆڵینەوەكاندا نەكراوە.

 

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو زنجیرەیەك خۆپیشاندان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی عێراق دژبە گەندەڵی، نەبوونی خزمەتگوزاری و دەرفەتی كار بەڕێوەچوون و بەوهۆیەوە حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا.

 

لە میانی ئەو خۆپیشاندانانەی كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردووەوە لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی دیكەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق سەریانهەڵدا و بەهۆیانەوە حكوومەتی پێشوو بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەكاركێشانەوە كرا، ٥٦٥ كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كوژران.

 

لە ٢٧ی تەمووزی رابردوو، حكوومەتی عێراق لیژنەیەكی بە سەرۆكایەتی وەزیری بەرگریی، جومعە عناد و وەزیری ناوخۆ، عوسمان غانمی پێكهێنا بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی كوشتن و تیرۆركردنی چالاكوانانی مەدەنی و سەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەكان لە بەغدای پایتەخت و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.