ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر روونکردنەوەیەکی لەسەر دانانی کامێرەکانی تیژڕەویی لە هەولێر بڵاوکردەوە و دەڵێت، “ئەو هەواڵانەی دەڵێت سەرۆکی ئەنجومەن پێی وایە پێویستە کامێرای پۆینت تو پۆینت لە هەولێر دابنرێت راست نییە و لە دەسەڵاتی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگادا نییە بڕیاری وەزارەتیش رەتبکاتەوە.”
محەمەد سەباح سەرپەرشتیاری راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، ئەو هەوڵانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراونەوەتەوە گوایە عەلی رەشید سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وتویەتی پێویستە کامێرای “پۆینت تو پۆینت” لە هەولێر دابنرێت دوورن لە راستییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاری دانانی کامێرەی تیژڕەوی “پۆینت تو پۆینت” لەسەر شەقامەکانی هەرێم بەدەست وەزارەتی ناوخۆییە و ئەگەر بڕیاری جێبەجێکردنی دانانی ئەو جۆرە کامێرانە بدرێت پێویستە لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێم بە دەنگی ئەندامەکان یەکلایی بکرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، سیستەمی نویێ کامێرای “پۆینت تو پۆینت” پێویستە بەشێوەیەک دابنرێت کە لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت و وتیشی، “ئەو راگەیاندنانەی ھەواڵەکەیان بەشێواوی بڵاوکردۆتەوە پێویستە تەواوی بەرنامەکەی ئێن ئاڕ تی بڵاوبکەنەوە، کە شەوی رابردوو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا میوان بوو تیایدا و ئێمە ھەموو کات لەگەڵ خەم کێشەکانی ھاووڵاتیانی خۆمانین.”