ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندنی حکومەتی هەرێم لە بەغداد دەخرێتەڕوو، هەروەها پلانی ساڵی 2023ـی ئەنجومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا تاووتوێ دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی کانوونی یەکەمی 2022) ئەنجومەنی وەزیران، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنەکە کۆدەبێتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، کۆبوونەوەکە چەند تەوەرێک لەخۆ دەگرێت و تەوەری یەکەم تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی بودجە، نەوت و غاز، دەروازە سنوورییەکان و دیوانی چاودێری دارایی.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دوو تەوەری دیکە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت کە بریتین لە، خستنەڕووی زانیاری لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی و خستنەڕووی پلانی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی ژینگە لە بارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا.