ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک لە کۆبوونەوەدایە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە راسپاردنی وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتە کە بەپێی تایبەتمەندێتییان بەرپرسیارەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێم بگرنە ئەستۆ.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند: ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئاداری 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
- لەژێر دروشمی (تەنها بە ئاوەدانی برینی هەڵەبجە سارێژ دەبێت) بەرز راگرتنی یادی (34)ـەمین ساڵیادی تاوانی جینۆسایدی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە 1988/3/16، خستنەڕووی پێشنیار و دواکارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و خولەکێک راوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان.
- بابەتی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر لە بەرەبەیانی رۆژی 2022/3/13، و بەسەرکردنەوەی شوێنی بۆردومانەکە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەردانی بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هاوەڵی بۆ هەولێر بۆ ئەم مەبەستە لە رۆژی 2022/3/14.
- راسپاردنی وەزارەتەکان و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێویستە لە ئێستا زیاتر بەپێی تایبەتمەندێتییان بەرپرسیارەتی وەڵامدانەوە و چارەسەرکردنی کێشە و ناڕەزایی و پێداویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگرنە ئەستۆ، هەر وەزارەت و بەپێی تایبەتمەندێتی خۆی لە چوارچێوەی ئەرک و دەسەڵات و بەرپرسیاریەتییان کە بە یاسا بۆیان دەستنیشان کراوە چونکە ئەمە بەرپرسیارەتی ئەوانە نەک تەنها سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.