ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەیدا دەنگیدا لەسەر دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەرجەم وەزارەتەکان کە ماوەی خزمەتکردنیان لە دوو ساڵ زیاتر بێت و رێکارە یاساییەکانیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە پەسەند کرابێت.
عدی عەواد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ لەلێدوانێكدا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریداوە فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێن بە هەمیشەیی و بەوبۆنەیەش پیرۆزبایی لە فەرمانبەرانی گرێبەست دەکات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی رێکارە یاساییەکانیان بڕیوە و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە وردبینی بۆ ناوەکانیان کراوە، دەکرێن بە فەرمانبەری هەمیشەیی.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردووش ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبوونەوەیەکدا داواکارییەکی لەمێژینەی سێ هەزار و 193 فەرمانبەری گرێبەستی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی پەسەندکرد و کران بە میلاکی هەمیشەیی، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران دامەزراندنی وانەبێژانیشی پەسەند کرد.