ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەنجامی دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد و راپۆرتی ژمارە (3)ـی تایبەت بە یاسای چاکسازی دەکات، هەروەها درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبونی 15% لەو پێشینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە دەنگی لەسەر دەدرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، پێش نیوهڕۆی ئهمڕۆ چوارشەممە ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان به سهرۆكایهتی مهسرور بارزانی سهرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران كۆبونهوهی ئاسایی خۆی ئهنجام دهدات.
ئەوەش هاتووە، لەکۆبوونەوەکەدا ئەنجامی سەردانی شاندی هەرێم بۆ دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لە بەغداد تایبەت بە راپۆرتی تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی دەخرێتەڕوو، هەروەها گفتوگۆ لەسەر رەوانەکردنی راپۆرتی ژمارە (3) تایبەت بە یاسای چاکسازی بۆ پەرلەمانی کوردستان و کۆنوسی لیژنەی باڵای چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی کریستیانەکان دەکرێت.
ئەنجومەنی وەزیران لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیار دەدات لەسەر پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (123) تایبەت بە داشکاندنی ڕێژەی 15% لەو پێشینانەی حکومەت کە لەلای هاووڵاتییانە وەک (پێشینەی خانوبەرە، قەرزی بچوک، پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی، پێشینەی پڕۆژەکانی پیشەسازی و گەشتیاری) و پابەندی دارایی کەڵەکەبووی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دەستەبەری کۆمەڵایەتیش و سزای دواکەوتن و سود لەسەر باج و رەسم.