ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد و نرخی گەنم گرنگترین بوو
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد و نرخی گەنم گرنگترین بوو

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد و نرخی گەنم گرنگترین بوو

بۆ هەر تۆنێک لە 750 هەزار دەبێتە 850 هەزار دینار

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی دەرکرد و نرخی گەنم گرنگترین بوو
0

لایک

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد، لەوانە: نرخی گەنمی وەرگیراوی جووتیاران زیاد کرا و ملیارێک دیناریش بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی دەروازەی سنووریی عەرعەر تەرخانکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17-05-2022، ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆکرا لەبارەی دۆخی گشتیی وڵات و چەندین دۆسیەی ئابووری و خزمەتگوزاری، هەروەها بەدواداچوون کرا بۆ میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی حکومەت کە لە کۆبوونەوەکانی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریان لەبارەوە درابوو.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پوختەی کۆبوونەوەکەی خستەڕوو تیایدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری کارەبا ئامادەکارییەکانی وەزارەتەکەی بۆ وەرزی هاوین خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆیکرد لەبارەی پێداویستییەکانی وەزارەتی کارەبا و راسپاردەکانی، بۆ ئەوەی گەرەنتی روونەدانی هیچ قەیرانێک بکرێت.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی دا لەسەر:

هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزاریی وزە ( 59ـی ساڵی 2020) و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (295 ساڵی 2021) لەبارەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی وەزارەتی کارەبا و مامەڵەی پرۆژە بەردەوامەکان کە خراونەتە بەرنامەوە بۆئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی پارەیان بۆ دابین بکرێت، تاکو یاسای بودجەی ساڵی 2022 پەسند دەکرێت.

هاوکات، لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیاریکی دیکەی دا لەوانە: دابینکردنی پارە بۆ دەستەی گشتیی گومرگ بەمەبەستی جێبەجێکردنی بەستنەوەی تۆڕی گەیاندن؛ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە قەرزی کەڵەکەبووی عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات خۆشبێت، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن توانا و لێهاتوون و دەگەڕێنەوە وڵات و ئەوانەی بڕیاری 441ـی ساڵی 2008 دەیانگرێتەوە. هەروەها وەزارەتی دارایی وڵات ملیارێک دینار تەرخاندەکات بۆ پارێزگای ئەنبار بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی دەروازەی سنووریی عەرعەر.

بڕیارێکی دیکەش پەسندکردنی راسپاردەی ئەنجومەنی وەزاریی وزە بوو لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران و بڕیاردرا ئەم وەرزە نرخی گەنمی وەرگیراو زیاد بکرێت و بۆ هەر تۆنێک دەبێتە 850 هەزار دینار، لە بری نرخی پێشووی کە بۆ هەر تۆنێک 750 هەزار دینار بوو؛ ئەو بڕیارە ئەو گەنمەش دەگرێتەوە کە لەم وەرزەدا و پێش ئەم بڕیارە رادەستکراوە.