ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 31-05-2022، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و بڕیار وایە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازی پرۆژەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان بکرێت.
لەئێستادا دوا رەشنووسی پێشنیازەکە ئامادەکراوە و بڕەکەی 25 تریلیۆن دینارە. پێشووتر بەهۆی خەرجییەکەیەوە لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە تانەی لێدرابوو، لە ئێستادا پرۆژەیاساکە بەهەمان شێوەی ئامادەکراوە بەڵام دەستکاری خەرجییەکەی کراوە.
رۆژی 15ـی ئایاری 2022، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق پرۆژەیاسای پشتیوانی خێرای ئاسایشی خۆراکی هەڵوەشاندبوویەوە، پرۆژەیاساکە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئامادەکرابوو. لە ئێستادا پرۆژەیاساکە لەلایەن لێژنەی داراییەوە پێشکەشی ئەنجومەنی نوێنەران کراوەتەوە.