ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی کۆبووەوە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پێشنیازە یاساى “قەدەغەکردنى ئاساییکردنەوە و بەستنى پەیوەندیى لەگەڵ ئیسرائیل” کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ١١ی ئایاری ٢٠٢٢، دانیشتنی ژمارە حەوت لە وەرزی یەکەمی یاسادانان لە ساڵی یەکەم لە خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.
لەو راگەیەندراوەی کە لە فەرمانگەى میدیای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازە یاساى قەدەغەکردنى ئاساییکردنەوە و بەستنى پەیوەندیى لەگەڵ ئیسرائیل کراوە کە لەلایەن لیژنەى یاساییەوە پێشکەش کراوە.
باس لەوەشکراوە، ئامانج لە پێشکەشکردن و پەسەندکردنی ئەو پێشنیازە یاسایە پاراستنى بنەما نیشتمانیی و ئیسلامیی و مرۆییەکانە لە عێراق و داخستنی رێگەیە لەبەردەم ئەوانەی کە دەیانەوێت جۆرێک لە جۆرەکانی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکهن و رووبەڕووى سزاى توند بکرێتەوە، هەروەها پارێزگاریی لە یەکێتیی ریزەکانی نێوان رۆڵەکانی گەل و ناسنامە نەتەوەیی و نیشتمانییەکەی بکات.