دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بڕیاریدا گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتیان کە سپێردرابوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت پووچەڵبکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزەر جەمال حەمەرەشید، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، “داوایەکمان لەسەر باتڵ بوونی گرێبەستی کۆکردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتیان کە سپێردرابوو بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بردەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە بەپێی یاسا کۆکردنەوەی رسومات و باجی دەوڵەت ئەرکی دەوڵەت خۆیەتی نەک بیدات بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت”.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، “هەر بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای تەمییز لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن بە پێدانی پارەی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک، بەهەمان پێودانگ لەسەر ئەم بڕیارەی دادگای پێداچوونەوە، بە هەمان شێوە کۆکردنەوەی پارەی ئاو لەلایەن کۆمپانیاوە نایاساییەو هاووڵاتیان دەتوانن پابەند نەبن هەتا ئەو کاتەی فەرمانگەی تایبەتمەند دەبێت خۆی هەڵسێت بە کۆکردنەوەی ئەو پارانە لە هاووڵاتیان”.
ئەوەش هاتووە، “بەهەمان پێوانە ئەو گرێبەستەشی کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیا کردوویەتی بۆ کۆکردنەوەی پارەی سزای کامێرەی هاتووچۆ بە هەمان شێوە نایاساییە”.