ئەنجومەنی ئاسایش: هێرشەکە لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەنجومەنی ئاسایش: هێرشەکە لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە

ئەنجومەنی ئاسایش: هێرشەکە لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
ئەنجومەنی ئاسایش: هێرشەکە لەلایەن میلیشیای حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە
0

لایک

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ” ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە”.

لەراگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر هەولێر(ئەربیل) داوە و تێیدا هاتووە، “هێرشی تیرۆریستیی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر، درێژەی ئەو هێرشانەیە کە بە مەبەستی گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن”.

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەو درۆنەی بۆ ئەو هێرشە بەکار هاتووە لە سنووری شارۆچکەی پردێ لە لایەن میلیشیای حیزبوڵڵاوە ئاراستەی هەولێر کراوە”.

لەبارەی دەنگۆی بەئامانجگرتنی ئۆتۆمبێلی مۆساد، ئەنجومەنی ئاسایش دەڵێت، “دوای هێرشەکە چەندین سایتی فەرمیی سەر بە هێزێکی ناوچەیی، وەک جارانی پێشوو، وایان بڵاو کردووەتەوە کە لەم هێرشەدا ئۆتۆمبێلێکی سەر بە موسادی ئیسرائیلی بە ئامانج کراوە و گوایە کەسێکیش کوژراوە. ئەوان لەوانەیە بتوانن ئەو درۆ و دەلەسانە دەرخواردی رای گشتی خۆیان بدەن، بەڵام بۆ خەڵکی هەولێر و هەرێم کە بە چاوی خۆیان شوێن و جۆری هێرش و لێکەوتەکانیان بینی، ئەم هەواڵانە بووەتە مایەی گاڵتەجاری”.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئەوەس هاتووە، “ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن، دەیانەوێت شکست و لاوازیی خۆیان پەردەپۆش بکەن، گەرنا با ئاسایشی ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانیان بپارێزن. هەرێمی کوردستان هیچ کات پێگەیەک نابێت بۆ هەرەشە بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە، لە هەمانکاتیشدا رایدەگەیەنین کە ئەو وڵاتانە دەبێت رێز لە سەروەریی خاک و گەلی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن”.