ئەنجومەنی ئاسایش: شەش کەس لەسەر تیرۆرکردنی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا دەستگیرکران
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • ئەنجومەنی ئاسایش: شەش کەس لەسەر تیرۆرکردنی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا دەستگیرکران

ئەنجومەنی ئاسایش: شەش کەس لەسەر تیرۆرکردنی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا دەستگیرکران

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
ئەنجومەنی ئاسایش: شەش کەس لەسەر تیرۆرکردنی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا دەستگیرکران
0

لایک

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ئێوارەی ئەمڕۆ رایگەیاند، شەش تۆمەتباری دۆسیەی شەهیدکردنی ئەندامێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم بەناوی (هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسوڵ) دەستگیرکراون، کە بۆمبیان بە ئۆتۆمبێلەکەی ناوبراو لکاندبوو.

ئەنجومەنی ئاسایش لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەنجامی لێکۆڵینەوەی کردەوە تیرۆریستییەکەی رۆژی 7ی تشرینی یەکەمی 2022ی گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، کە تێیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاریی سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەناوی عەقید هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ شەهید بوو و، چوار سەرنشینی دیکەش کە پێکهاتبوون لە هاوسەری و دوو منداڵەکەی و خوشکێکی بریندار بوون”.

ئەوەشی هاتووە، “دوای رووداوه‌كه‌ ده‌ستكرا به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و شه‌ش تۆمه‌تبار ده‌ستگیر كران و ده‌ركه‌وت كرده‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن تیمێكی دژه‌ تیرۆری سلێمانی كراوه‌ و به‌ فه‌رمانی راسته‌وخۆی وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی، به‌رپرسی دژه‌ تیرۆری سلێمانی و كارزان محه‌مه‌د ره‌شید، به‌رپرسی هه‌واڵگری دژه‌ تیرۆری سلێمانی بووه‌”.

ئەنجومەنی ئاسایش لە راگەیەندراوەکەدا ناوی ئەو تۆماتبارانەی ئاشکراکردووە کە بەشداریان لە تیرۆرکردنی عەقید هاوکار کردووە، کە تیایدا هاتووە، “تیمەکە پێکدێت لە (10) تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانین و بریتین لە تیمی چاودێری بە سەرپەرشتی تۆمەتباری دەستگیرکراو (یاسر فیصل حسین، بەرپرسی وێستگەی دژەتیرۆری سلێمانی لە هەولێر) لەگەڵ (5) تۆمەتبار لە تیمی چاودێری کە دەستگیرکراون بە ناوەکانی (سرمد نجم الدین رشید، احمد فیصل حسین، علی هاشم احمد، رەنجدەر اسماعیل نجم و علی حسین شکر).

ئاماژە بەوەشکراوە، “تیمی جێبەجێکاری کردەوە تیرۆریستییەکە پێکهاتوون لە تۆمەتبار (لوئەی محمد رەزا، فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی لە گەرمیان) و ئەندامانی تیمی جێبەجێکار بریتین لە ئەفسەران و کارمەندان دلشاد زیاد احمد ناسراو بە دانی، عاصی رشید حسین و وریا خالد علی”.

لە راگەیەندراوەکە جەخت کراوەتەوە، کە لەسەر فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر داوای ئەو تۆمەتبارانە کراون کە رادەستی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر بکرێن.