کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا ناتوانێت هیچ دڵنیاییەک بدات کە ئەو هێرشانە کۆتاییان هاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (29-9-2022)، کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر هۆشدارییەکی ئەمنی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەردەوامن لە وەرگرتنی راپۆرتی میدیایی لە سەرچاوە ئاشکرا و کراوەکانەوە لەسەر هێرشی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ سەر قەوارە کوردییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
جەختیشیکردووەتەوە: “حکومەتی ئەمەریکا ناتوانێت هیچ دڵنیاییەک بدات کە ئەو هێرشانە کۆتاییان هاتووە”.
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر دەشڵێت، رێنمایی گەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق لە ئاستی پلە چوار دەمێنێتەوە کە دەڵێت: گەشت مەکەن بۆ ئەو ناوچەیە بەهۆی بوونی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، نا ئارامی مەدەنی و توانای سنورداری عێراق بۆ پێشکەشکردنی پشتیووانی بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی.
داواشی لە هاووڵاتیانی ئەمەریکی کردووە لەم شوێنانە دووربکەونەوە:
– لە ناوچە بە ئامانج گیراوەکان: پردێ، کۆیە، زڕگوێز.
– لە ناوچە سنوورییەکان کە ململانێیان تێدایە.
– ووریابوون کاتێک لە دەووروبەری گردبوونەوە و خۆپێشاندانە گەورەکان دەبیت
– خۆت بەدووربگرە لەسەرنجڕاکێشانی ئەوانی دیکە بۆ لای خۆت
– مۆبایل هەڵگرە و لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی فریاکەوتنی کونسوڵخانەوە بکە.
– چاودێری میدیای ناوخۆیی بکە بۆ ئاگاداربوون لە دواین زانیارییەکان.