ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دوو بڕگە لە بەرنامەی کاری پەرلەماندایە، یەکەم: هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دووەمیش پێکهێنانی لێژنە هەمیشەیییەکانی پەرلەمان.
هاوپەیمانیی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی هاماهەنگی بە ئاراستەی جیاواز هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە؛ یەکەمیان بۆ ئامادەبوونی رێژەیی یاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ئەوی دیکەشیان بۆ پەکخستنی پرۆسەکە.
لەمبارەیەوە، عیسام حوسێن، ئەندامی رەوتی سەدر رایگەیاند، “زۆر لە ئەندامانی سەربەخۆ خوازیارن خزمەتی ئەم وڵاتە بکەن، ئەوان دژی سازان و پشک پشکێنەن، بەمهۆیەوە هەبوونی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ئەندامە سەربەخۆیانە، رەنگە ببێتەهۆی تەواوکردنی رێژەی یاسایی کۆبوونەوەکە”.
بەنزیکەیی 40 پەرلەمانتار خۆیان وەک سەربەخۆ ناساندووە، کەچی یەک هەڵوێست نین و ژمارەیەکیان بەشداری کۆبوونەوەکە دەبن، بەشێکی دیکەشیان ئاماژەبەوە دەکەن کە بایکۆتی کۆبوونەوەکە دەکەن.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پێویستی بە 220 پەرلەمانتار هەیە لەکۆی گشتی 329 پەرلەمانتار.