دوای زیاتر لە مانگێک لە هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمان جارێکی دیکە کۆبوونەوەکانی دەستپێبکاتەوە و لە هەمانکاتیشدا تشرینییەکان و بەشێک لە لایەنگرانی رەوتی سەدر بڕیاری خۆپیشاندانیان داوە، بەوهۆیەش لە بەغداد دەروازەکانی ناوچەی سەوز بە تەواوی داخران و سوپاش هێنراوەتەسەر شەقام.
کەناڵی سۆمەریەنیوز لە سەرچاوە سەربازییەکانی بەغداوە بڵاویکردەوە، لەئێستادا رێکاری ئەمنی توند گیراوەتەبەر و دەروازە سەرەکییەکانی هاتن بۆ ناو بەغداد داخراون، هەروەها دەروازەکانی ناوچەی سەوزیش بەتەواوی داخراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەروەها لە شەوی رابردوەوە پردی کۆماری و ئەلسنک لە ناوەڕاستی بەغداد داخراون، بەوهۆیەش ئەمڕۆ ئاستەنگی بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان لە شەقامە سەرەکییەکانی پایتەخت دروست بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق دانیتشتنی خۆی ئەنجامبدات و دەنگ لەسەر دەست لەکارکێشنەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان بدرێت و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.