ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-6-2022، پەرلەمانی کوردستان -عێراق دوای سێ مانگ لە بەڕێوەنەچوونی دانیشتنەکانی دەست بە دانیشتنەکانی دەکات.
ماڵپەڕی پەرلەمانی کوردستان-عێراق بڵاوی کردەوە کە کارنامەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەت دەبێت بە دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشینازەیاسای ئەرک و مافەکانی ھێزکاری تەندروستی لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پڕۆژەیاسای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان و پڕۆژەیاسای دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، هەروەها خوێندنەوەی دووەم بۆ ژمارەیەک پێشنیازەیاسا دەکرێت لەوانە پێشنیازەیاسای بەرکارکردن و ھەمواری یاسای گرتنی مایەی قاچاغ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لە بازاڕە ناخۆییەکان، پێشنیازەیاسای ھەمواری جێبەجێکردنی یاسای چاودێریی نەوجەوانان.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دانیشتنەکەدا، راپۆرتی لێژنەی کاروباری تەندروستیی و ژینگە و مافی بەکاربەر سەبارەت بە دەرمانی بێ کوالیتی و ماوەبەسەرچوو، هەروەها قاچاغ و نرخی نەخۆشخانە تایبەتەکان، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی بۆ گفتوگۆکردن دەخرێتەڕوو.