قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر(ئەربیل) رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە 14 بەنزینخانە لیترێک بەنزین بە 690 و لە 17 بەنزینخانەی دیکەش لیترێک بەنزین بە نرخی 800 دینار دابەش دەکرێت.
لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاند، نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر(ئەربیل) ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، بۆ نەهێشتنی قەرەباڵغی لەمڕۆوە لە 14 بەنزینخانە لیترێک بەنزین بە 690 و لە 17 بەنزینخانەی دیکەش لیترێک بەنزین بە نرخی 800 دینار دابەش دەکرێت.
هاوکات نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوەشکردووە کە بە هەمان سیستمی تاک و جووتی پێشوو بەنزینەکە دابەش دەکرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بۆ ئۆتۆمبیلی ژمارەی جوت بەنزین دابەش دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە چوار بەنزینخانە لەناو سەنتەری شار بۆ تاکسییەکان دیاریکراون.
دوێنێ چوارشەممە لەراگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەبارەی گرانبوونی نرخی بەنزین رایگەیاند، “لەسەر راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی نرخی بەنزین، كە گرانبوونی نرخەكەی لەئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانی و پابەندنەبوونی حكومەتی عێراق بەناردنی ئەو بڕە بەنزینەی كە بۆ هەرێمی كوردستانی بەنرخێكی دیاریكراو دەینارد دروست بووە”.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە وەکو وەزارەت پاڵپشتی نرخی بەنزین دەبن لەگەڵ کۆمپانیاکان و وتیشی، “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هاوڵاتیان دڵنیا دەكاتەوە كە لەڕێگەی پاڵپشتی نرخی بەنزین و بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیاكان هەموو رێكارێك دەگرێتە بەر بۆ زیادبوونی بەرهەمهێنانی ناوخۆو خستنەڕووی بەنزینێكی زیاتر لەبازاڕەكاندا”.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بەشێکی زۆری رسومات و باجەکان لەسەر هاوردەکردنی بەنزین هەڵدەگیرێت و هاتووشە، “بۆ ئەم مەبەستە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی دارایی بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەكات و بەشێكی زۆری رسومات و باجەكان لەسەر هاوردەكردنی بەنزین هەڵدەگرێت و كار ئاسانی پێشكەش بەهەموو كۆمپانیاكان دەكات بۆ هێنانی بەنزین بەمەرجێك كاریگەریی لەسەر كوالێتی بەنزین و تەندروستی هاوڵاتیان نەبێت و لەگەڵ رێنماییەكانی پاراستنی ژینگەدا بگونجێت. هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەینەوە لەماوەیەكی كورتدا كۆنترۆڵی نرخەكان دەكەین”.