بڕیارە ئەمڕۆ لووتکەی رووسیا، تورکیا و ئێران لە تاران بەڕێوەبچێت. پێش دەستپێکردنی لووتکەکەش رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی، هاوتا ئێرانییەکەی کۆبونەوە.
بڕیار وایە سەرۆککۆماری تورکیا چاوی بە ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێرانیش بکەوێت. دواتریش لە حەوتەمین کۆبوونەوەی ئاستانە هەریەکە لە ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی ئێران کۆبوونەوەی لووتکە دەکەن.
بەپێی سەرۆکایەتیی تورکیا، سەرکردەکان تیشک دەخەنە سەر پرسەکانی سووریا، شەڕی دژی “رێکخراوە تیرۆریستییەکان،” ، هەروەها باسی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی سووریا بۆ وڵاتەکەیان و دۆخی مرۆییان دەکرێت.
هەریەکە لە رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئیبراهیم رەئیسی بە جیا لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین کۆدەبنەوە.
لووتکەی ئاستانە، لە ساڵی 2017 دەستیپێکرد بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و سەقامگیری لە سووریا، کە لە ساڵی 2011وە ئەو وڵاتە رووبەڕووی جەنگێکی ناوخۆیی بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە و گرژی و ئاڵۆزی و جەنگی بەدوای خۆیدا هێنا.