ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجام دەدات. لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
– خستنەڕووی پوختەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی پەتای کۆلێرا.
– خستنەڕووی پووختەی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین.
– خستنەڕووی گرنگترین سەردێڕی ئەو چاکسازییانەی کە لەلایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم ئەنجامدراون.
– خستنەڕووی ڕەشنووسی نوێی بڕیاری تایبەت بە پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی کە پێکهاتە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان تیایدا جێگیربوون لەبەر ڕۆشنایی ماددەی (٣/چوارەم) لە یاسای (پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان –
عێراق ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥).