بەپێی راپۆرتی دامەزراوە گەردونناسییەكان، ئەمشەو، مانگ گیرانی تەواوەتی روودەدات و زۆربەی گۆی زەوی دەگرێتەوە، بەڵام لە هەرێم نابینرێت.
محەمەد كەمال، شارەزای بواری كەشناسی و گەردوونی رایگەیاند، شەوی سێشەممە دیاردەی مانگ گیران روودەدات، كە دووەم مانگ گیرانە لەمساڵدا و زیاتر لە 5 كاتژمێر دەخایەنێت.
راشیگەیاند، ئەو مانگ گیرانە هەرێم و عێراق ناگرێتەوە و دیاردەكە نابینرێت.
مانگ گیرانی ئەمشەو بە ڕێژەی جیاواز لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئاسیا، ئوسترالیا، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای باشوور، زەریای هێمن، زەریای ئەتڵەسی، زەریای هیندی دەبینرێت. هەموو قۆناغەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی نزیکەی ٥ کاتژمێر و ٥٤ خولەک دەخایەنێت.
ئەمە دووەمین جارە لەمساڵدا مانگیران روودەدات، یەکەم جار لە مانگی ئایاردا بووە و تا ساڵی 2025یش جارێکی تر مانگیرانی تەواوەتی رووناداتەوە.