کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان لە مەڕاسیمی یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە رایگەیاند، “ئەمریکا هەرگیز رێگە نادات کارەساتی هەڵەبجە دووبارە بێتەوە”.
رۆبەرت پاڵەدینۆ کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، “بۆ بیرهينانەوەی قوربانییانی رژێمی سەدام حوسێن لێرەین، قوربانییانی هێرشێکی کیمیایی ترسناک لە ئازاری 1988 کە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵی بێتاوان کوژران و هەزاران برینداربوون.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ رێزلێنان لەو کەسانەی بوونە قوربانی، بۆئەوەی سەرەخۆشی لە هەموو ئەو خێزانانە بکەین کە خۆشەویستانیان لەدەستداوە، بۆ دووبارە پەیوەندیکردن پێیانەوە و بیرهێنانەوەی ئەو تراژیدیایەی 34 ساڵ پێش ئێستا روویدا، ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین هەرگیز رێگە نادەین کارەساتی ئاوا دووبارە بێتەوە”.
باسی لەوەشکرد، “زۆر گرنگە لەبیرمان بێت لە رابردوو چی روویداوە بۆئەوەی بەردەوام بین، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ یارمەتیدانیان لە دروستکردنی هەرێمێکی کوردستانیی بەهێز، سەقامگیر و دیموکرات، هەروەها عێراقێک کە رێز و شکۆی هەموو کەسێک بپارێزێت.”
وتیشی، “شانازییە کە ئەمڕۆ لێرەبیت و لە نزیکەوە بەشداربیت لە هەڵگرتنی بەشێک لە خەمەکانی خەڵکی ئەم شارە.”
٣٤ ساڵ لەمەوبەر، کاتژمێر 11 و 5 خولەکی پێشنیوەڕۆی رۆژی 16ی ئازاری 1988 ، فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسی عێراق شاری ھەڵەبجەیان بە گازی کیمیایی بۆردومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاوڵاتیی مەدەنی شەھیدبوون و ژمارەیەکی زۆری دیکەیش برینداربوون.