مستەفا کازمی لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقییە رایگەیاند، لە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئەمریکا دەستکەوتی گەورەمان بەدەستهێنا.
کازمی وتی، “رێککەوتن کرا لەسەر دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دەرچوون لە بنکە سەربازییەکان لە عێراق، لەوکاتەشەوە دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی گواستراونەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق”.
وتیشی، “بەر لە گەشتەکەم بۆ واشنتۆن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆبوومەوە، هەندێکیان داوایان لێکردم لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەماوەی هەشت ساڵدا دانوستانیان لەگەڵدا بکەم، من دانوستاندنم لەگەڵدا کردن و توانیمان سێ ساڵ بەدەستبهێنین”.
لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئەمریکا لەسەر داوای حکوومەتی عێراق نزیکەی پێنج هەزار سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە بنکە سەربازییەکانی عێراق جێگیرکرد.
لە ٢٠ی ئابی رابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی سەردانی ئەمریکای کرد.
بەپێی ئەو رێککەوتنەی لە گفتوگۆی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق ئەنجامدرا، واشنتۆن لە ماوەی سێ ساڵدا هێزەکانی لە عێراق دەکێشێتەوە وەک ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند.
لەبارەی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، “واشنتۆن بە بەغدادی راگەیاندووە کە بێزار و نیگەرانە لە کردنە ئامانجی نێردەکانی دیپلۆماتی لە عێراق بەهۆی هێرشە مووشەکییەکان”.
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد کە داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، عێراق دووچاری قەیرانی راستەقینە دەکات و لێکەوتەی ترسناکی دەبێت، ئەوەش دەبێتە هۆی داڕمانی راستەوخۆی ئابووری، چونکە زۆربەی یارمەتییە داراییەکان بۆ عێراق لەرێگەی ئەمریکاوەیە.
لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی سەر ناوچەی سەوز و کوشتنی خۆپیشاندەران کازمی ئاشکرای کرد کە لەوبارەیەوە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و لیژنەکان کاری خۆیان دەکەن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان، ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکەن.