ئەمریکا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر(ئەربیل).
نوێنەرایەتیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەژماری تایبەتی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، واشنتن داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە بۆ “سەرکۆنەکردن”ی هێرشە مووشەکییەکەی 13ی ئەم مانگە بۆ سەر شاری هەولێر.
نوێنەرەکەی ئەمریکا لە یوئێن دەڵێت، “هێرشێکی بێ پاساو و بێباکانە بوو، نێو ماڵی خەڵکی سڤیلی لە هەولێر کردە ئامانج، هاوکات پێشێلکاریێکی خراپی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق بوو”.
وتیشی، دەبێت ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش ئەم هێرشە “سەرکۆنە” بکەن، ئێران لە بەرامبەر هێرشەکە بە “بەرپرسیار” بزانن و پشتگیریی لە دیموکراسی و سەروەریی سەرانسەری خاکی عێراق بکەن.
شایەنی باسە، 13ـی ئەم مانگە، هەولێر بە 12 مووشەکی بالیستی کرایە ئامانج و دوای چەند کاتژمێرێکیش سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکەیان گرتە ئەستۆ.