ئیدارەی بایدن پاڵپشتی لە تورکیا کرد و بە مافی ئەو وڵاتەی زانی “بەرامبەر بە هەڕەشەکانی سەر سنوور” بەرگری لە خۆی بکات.
رۆژی دووشەممە 28ی تشرینی دووەمی 2022، جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن سەبارەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەنقەرە بۆ سەر رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، “تورکیا بەهۆی ئەوەی بەردەوام بووەتە قوربانی هێرشی تیرۆریستی جا لەسەر سنوورەکانی بێت یان لەناوخۆی وڵاتەکەی، مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی و هاووڵاتییانی لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بکات”.
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا راشیدەگەیەنێت، سەرەڕای ئەوەی تورکیا بووەتە قوربانی “هێرشە تیرۆریستییەکان” بەڵام نایانەوێت هیچ کردارێکی سەربازی ببینن، بەتایبەتی لەناوخۆی سووریا کە قوربانی زیاتری لێبکەوێتەوە لە زۆرینەیان رەنگە خەڵکی سڤیل بن یان هەر کردارێک کە کاریگەریی لەسەر هەوڵەکانی ئەوان هەبێت لەبەرئەوەی هێزیان لە سووریا هەیە بەمەبەستی رووبەڕووبوونەوەی داعش.
جێی باسە، جۆن کێربی دەڵێت، واشنتۆن نایەوێت هیچ کردارێکی سەربازی لەلایەن تورکیا یان هەر لایەنێکی دیکە لەناوخۆی سووریا ببینێت کە رەنگە ببێتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر گیانی سەربازانی ئەمریکا لە سووریا کە هاوکاری هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەن.