“پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوام دەبن”
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • “پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوام دەبن”

“پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوام دەبن”

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
“پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق بەردەوام دەبن”
0

لایک

برێت ماكگۆرك رێكخه‌ری كۆشكی سپی بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا لەگەڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق خواستی جۆو بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كان راگەیاند و له‌به‌رامبه‌ریشدا سوودانی نیازی خۆی بۆ ناردنی شاندێک بۆ واشنتن سه‌باره‌ت به‌ ڕێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی ده‌ربڕی.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكوه‌زیران، محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیران په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ برێت ماكگۆرک رێكخه‌ری كۆشكی سپی بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقاوه‌ پێگه‌یشت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، برێت ماكگۆرک له‌ میانی په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا، “پیرۆزبایی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌ پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردووه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر پاڵپشتی به‌رده‌وامی ئه‌مریكا بۆ سه‌قامگیری و ئاسایش و سه‌روه‌ری عێراق كردووه‌ته‌وه‌، خواستی جۆو بایدنیشی بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ستراتیژییه‌كانی دوو قۆڵی خستوه‌ته‌ڕوو”.

محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، “عێراق ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتو و سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن سه‌روه‌رییه‌ و كاری له‌ پێشینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌ هاوسه‌نگه‌كان و بنیاتنانی هاوبه‌شی ئابوورییه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌ و جیهان”.

هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌دا، “جه‌ختكرایه‌وه‌ له‌سه‌ر رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و عێراق، به‌ئامانجی به‌رده‌وامیدان به‌ هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی شكستی هه‌میشه‌یی داعش، پاڵپشتیكردنی ڕۆڵی ناوچه‌یی عێراق له‌ دروستكردنی پردی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌”.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئامانجی خۆی دوپاتكرده‌وه‌، بۆ ناردنی شاندێک به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بۆ واشنتن  به‌مه‌به‌ستی به‌ره‌وپێشبردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی هه‌ردو وڵات به‌پێی رێككه‌وتنی چوارچێوه‌ی ستراتیژی، ئه‌مه‌ش بریتی ده‌بێت له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنانی وزه‌ له‌ عێراق و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانی كه‌شووهه‌وا.