ئەمڕۆ دووشەممە، عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێڕاق لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی و شاندی یاوەری کۆبووەوە، و تاوتوێی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەشەکانیان کرد.
راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ دیدارێکی لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقی و شاندێکی یاوەری ئەنجامدا و ئەعرەجی پیرۆزبایی لە شمەری کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکی وەزیری ناوخۆی عێراق لە حکومەتی نوێ”.
ئەوەش هاتووە، “ئەعرەجی جەختی لە دروستی بڕیاری هەڵبژاردنی شمەری بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ کردووە و جەختی کردووەتەوە، ئەرکی وەزارەتەکە لە دەسەڵاتی ناوبراودا هێندە سەخت نابێت بەگوێرەی کارکردنەکانی پێشووی لە کەرتی سەربازی و ئەمنیی”.
لە بەرامبەردا وەزیری ناوخۆ سوپاس و پێزانینی ئەعرەجی کردووە و رایگەیاندووە، کە “وەزارەتی ناوخۆ کارەکانی بەشێوەی هەماهەنگی و بەهاوبەشی لەگەڵ راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدەدات”.