سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراقی و نوێنەری ئەو حیزبە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە بەرەی تورکمانی دوورنەخراوەتەوە و نوێنەری ئەو حیزبەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لەمیانی بەشداریکردنی لە پرۆگرامێکی کەناڵی دیجلەـی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی عێراقی و نوێنەرنی ئەو حیزبە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی دەنگۆی دوورخرانەوەی لەو حیزبە رایگەیاند کە سەرجەم دەنگۆکان دوورن لە راستییەوە.
هاوکات ساڵحی لەبەرامبەر پرسیاری پێشکەشکارەکە لەبارەی دوورخرانەوەی لە حیزبەکە رایگەیاند، “بە پێچەوانەوە ئێمە ماوە ماوە کۆنگرە دەبەستین و گۆڕانکاریی لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەنجام دەدەین. لەو سۆنگەیەشەوە من وەکو سەرۆکی پێشووی بەرەی توکمانی عێراقی تائێستا کادرم لە ریزەکانی ئەم حیزبە و نوێنەری ئەو حیزبەم لە پەرلەمان، ئەو دەنگۆیانە بە شێوەیەکی ئەنقەست لەلایەن دژەکانمانەوە بڵاودەکرێنەوە”.
رۆژی 23ـی 5ـی 2022، بەرەی تورکمانی عێراقی دووەم کۆنگرەی خۆی لە شاری کەرکوک بەست و حەسەن توڕان وەکو سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی هەڵبژێردرایەوە. هاوکات ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردرانەوە و ئەرشەد ساڵحی کە پێشووتر وەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی مابوویەوە، وەکو کاندید بەشداریی لە کۆنگرەکە نەکردبوو.