رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لەبارەی لێکتێگەیشتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا کە لە ئیستانبوڵ واژوو کرا، رایگەیاند: “ئەم لێکتێگەیشتنە کە گرنگیەکی چارەنووسسازی ھەیە لە درێژەدان بە خستنەڕووی دانەوێڵە، یەکێکە لە گەورەترین سەرکەوتنەکان کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، واژووی کردووە”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ٧٧ھەمین کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای وتارەکەیدا ئەردۆغان لەبارەی گرنگی لێکتێگەیشتنی ھەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا کە لە ئیستانبوڵ واژوو کرا، دوا و رایگەیاند: “ئەم لێکتێگەیشتنە کە گرنگیەکی چارەنووسسازی ھەیە لە درێژەدان بە خستنەڕووی دانەوێڵە، یەکێکە لە گەورەترین سەرکەوتنەکان کە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، واژووی کردووە”.
ئەردۆغان لەبارەی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دوا و رایگەیاند: “بۆ ئەوەی ئەو جەنگەی کە ماوەی چەند رۆژێکە دووبارە تاوی سەندووە، لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا کۆتایی بێت، ھەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە و درێژە پێدەدەین. بانگەواز لە سەرجەم وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەم پشتیوانیی لە ھەوڵەکانی تورکیا لەپێناو بنیاتنانی ئاشتی ھەمیشەیی بکەن”.
لەبارەی پەنابەرانیشەوە، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: “قەیرانی پەنابەران بە کۆکردنەوەی خەڵک لە نێو کەمپەکان و نقومکردنی بەلەمی ئەو بێتاوانانەی کە بۆ دۆزینەوەی داھاتوویەکی باشتر کەوتوونەتە رێ، چارەسەر ناکرێت”.
وتیشی: “ئێمە لەکاتێکدا ھەوڵی ئەوە دەدەین کە تەرمی منداڵانی وەک ئایلان نەکەونە کەناراوەکانەوە، یۆنان بە زۆر ناردنەوەی نایاسایی، ئیجەی کردووەتە گۆڕستانی پەنابەران”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە گرنگی سەرلەنوێ فۆرمەڵەکردنەوەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان دوا و گوتی :”مەرجە نەتەوەیەکگرتووەکان فۆرمەڵە بکەینەوە کە بتوانێت چارەسەر بۆ جیھانێکی دادپەروانەتر بەرھەمبھێنێت و رێکخراوی ئیرادەی ھاوبەشی ھەموو مرۆڤایەتی بێت”.
ئەردۆغان لەبارەی تیرۆرەوە دوا و جارێکی دیکە ھەڵوێستی تورکیای دووپات کردەوە و رایگەیاند: “دووبارە بە توندی ئەوە دەخەینەڕوو کە توانای گرتنبەری ھەموو رێکارێکین لە دژی تیرۆریزم و سڵ ناکەینەوە لە ئەنجامدانی کاری پێویست لە بەرامبەر رێکخراوە تیرۆریستییەکان. ناتوانین بێدەنگ بین لە بەرامبەر پەکەکە و ھاوشێوەکانی کە ھێرشی تیرۆریستیی دەکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکانمان و ھەڕەشەن بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی سووریا”.
وتیشی: “ئەوانەی ھەوڵدەدەن رەوایەتی بە پەکەکە بدەن لەرێگەی فێڵی پووچی وەک ناوگۆڕینەوە، داوایان لێدەکەین ھەرچی زووە دەستبەرداری پڕچەککردن و پشتیوانییکردنی تیرۆریستان بن”
ھاوکات لەبارەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە تورکیا لە سووریا جێبەجێیان دەکات، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە چاوەڕێن ھەمووان پشتیوانی پێویست و ھەماھەنگیان بن.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئازەربایجان-ئەرمینیاش دوا و وتی: “باوەڕمان وایە کە دەکرێت بە زووترین کات رێککەوتنێکی ئاشتی فراوان لە نێوان ھەردوو وڵات واژوو بکرێت”.
راشیگەیاند: “ئامادەین بۆ کارکردن لەگەڵ ھەرکەسێک کە لەجیاتی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و رژێمە ستەمکارەکان، لەپێناو خۆشگوزەرانی ناوچەکە ھاریکاریی وڵاتەکەمان بکات”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەروەھا وتی: “ئەوانەی لە ناوچەکە ھاوشانی وڵاتەکەمان نیین و ھەوڵی سنگ دەرپەڕاندن دەدەن سەرەڕای ئاستی سیاسیی و سەربازیی، خۆیان دەخەنە حاڵەتی پێکەنیناوییەوە”.
راشیگەیاند: “چاوەڕوانین لە یۆنان کە دەستبەرداری سیاسەتی گرژی و ھاندان ببێت و بەدەم بانگەوازمان بۆ ھاریکاریی و ھەمانگییەوە بێت”.
لەبارەی مافەکانی وڵاتەکەی لە ئیجە و دەریای ناوەڕاست، ئەردۆغان رایگەیاند: “تورکیا تا کۆتایی داکۆکی لە مافەکانی لە ئیجە و خۆرھەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەکات، ھەرگیز ناکەوێتە داوی ئەوانەی لەپێناو حساباتی سیاسیی، گرژیی دەگرنەبەر”.
سەبارەت بە کۆماری تورکی قوبرسی باکوور، سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: “بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەین کۆتایی بە ستەمی سەر تورکەکانی قوبرس بھێنن و ھەرچی زووە دان بە کۆماری قوبرسی تورکی باکووردا بنێن”.
لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، ئەردۆغان رایگەیاند: “چاوەڕێ دەکەین گفتوگۆییەکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسەکانی پرۆگرامی ناوەکی ئێران لە رێگەی دیپلۆماتی و دیالۆگ بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.