ئێران و سعوودیە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەسەر نەخشەڕێگایەک گەیشتوونهته رێككهوتن.
ئیرەج مەسجیدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد لهبارهی دانوستانهكانی نێوان ریاز و تاران به ئاژانسی فەرمیی ئێرانی راگهیاند، “لە خولی پێنجەمی دانوستانەکاندا کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە نێوان شاندەکان بەڕێوەچوو، هەردوولا لەسەر نەخشەڕێگایەک گەیشتە رێککەوتن. رێککەوتنی هەردولا لەسەر دانانی نەخشەڕێگایەکی لەو جۆرە گرینگی خۆی هەیە “.
ئاماژهی بهوهشكرد، “خولەکانی داهاتوی دانوستانەکانمان بابەتی سەرلەنوێ کردنەوە یان نەکردنەوەی باڵیۆزخانەکانمان بەڕووی یەکدا بە دەردەخات”.
دوای راگرتنی بۆ چەند مانگێک، کۆتایی ئەم مانگە گفتوگۆکانی ئێران و سعودیە لە بەغدا دەستیانپێکردەوە و هەردوو وڵاتی هەرێمی ناوچەکەش خواستی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان نەشاردوەتەوە، کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە پەیوەندییەکانیان بەهۆی چەندین دۆسیەی ناکۆکەوە پچڕاوە.