وەزیری دەرەوەی ئێران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و ئاماژەی بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیان کرد لە هەرێم و عێراق.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: ئۆپەراسیۆنەکانمان لە هەرێم و عێراق بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هەڕەشەی ئەمنی لەسەرمان نامێنێت.
وتیشی، لەلایەن ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە 76 ناوەندی تیرۆر لە هەرێم چالاککراوە و هەروەها چەکی ئەمەریکی و ئیسرائیلی هێنراوەتە وڵاتەکەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، چەند دانیشتنێکمان لەگەڵ حکومەتی بەغداد و هەرێم کردووە، هاوڕێکانمان لە بەغداد بەڵێنیان داوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا گروپە چەکدارەکان بخەنە دەرەوە و لە چەک دایان بماڵن.
سەبارەت بە جوڵاندنی هێزەکانیان وتی، ئەگەر هێزە چەکدارەکانی عێراق لە سنوورە هاوبەشەکانمان جێگیر ببن، ئەوا پێویست بە ئێمە ناکات مامەڵە لەگەڵ ئەو گروپانەدا بکەین، بەڵام هەرکاتێک هەستمان بە هەڕەشەکرد، ئەوا هێزە چەکدارەکانمان کاردەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان.