بزوتنەوەی ئیمتیداد کە خاوەنی نۆ کورسییە لەپەرلەمانی عێراق و هاوپەیمانی لەگەڵ جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەیە رایگەیاند، بڕیاریانداوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی 26ـی ئەم مانگەی پەرلەمان بکەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر سەلامی، ئەندامی فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیمتیداد لە لێدوانێکدا رایگەیاند، فراکسیۆنەکەیان نابێتە هۆکاری پەکخستنی کۆبوونەوەکەی 26ـی ئەم مانگەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و بەهیچ شێوەیەکیش بەشداری ناکەن لە پێکهێنانی “حکومەتی پشک پشکێنە”.
ئەوەشی ئاشکراکرد، هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک (ئیمتیداد و نەوەی نوێ) کاندیدی هەیە بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کە ئەویش رێبوار ئەورەحمان پەرلەمانتاری جووڵانەوەی نەوەی نوێیە، هەرچەندە دەرچوونی کاندیدەکەی هاوپەیمانی لەپێناو خەڵک قورسە، بەڵام کاندیدکردنی ناوبراو پەیامێکی ئۆپۆزسیۆنە بۆ حیزبە کلاسیکییەکان.