وەزارەتی بەرگریی ئیمارات راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هەڵمەتی “سوارچاکی ئازا2” کە بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە لە تورکیا و سووریا دەستیپێکردووە، تائێستا کۆی گشتی 91 فڕۆکەی هاوکاری بۆ تورکیا و سووریا نێردراوە و بەگشتی دوو هەزار و 549 تۆن کەلوپەلی هاوکاری مرۆیی رەوانەی هەردوو وڵات کراوە کە بەهۆی بوومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە.
محەمەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی ئیمارات لە 6ی شوباتدا دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە روویدا پەیوەندی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرککۆماری تورکیا کرد و هاوخەمی و پشتیوانی خۆی دەربڕی. لەسەر فەرمانی محەمەد بن زاید ئال نهیان لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە هاوبەشەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئیمارات، وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی دەرەوە و هاوکاری نێودەوڵەتیی و دامەزراوەی خەلیفە بن زاید ئال نهیان و مانگی سووری ئیماراتەوە لە هەمان رۆژدا دەستیپێکرد، تۆنێک هاوکاریی مرۆیی رەوانەی تورکیا کرد.
سەرۆکی ئیمارات لە 7ی شوبات رایگەیاندبوو، بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە بڕی 50 ملیۆن دۆلار (نزیکەی 942 ملیۆن لیرەی تورکی) وەک هاوکاری دەبەخشێتە تورکیا.
هەروەها ئیمارات بۆ خزمەتی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە نەخۆشخانەیەکی گەڕۆکی 54 قەرەوێڵەیی لە شارۆچکەی ئیسڵاحییەی پارێزگای غازی عەنتاب دروستکرد کە چوار بەشی چاودێری چڕی لەخۆ گرتبوو.