وەزارەتی دەرەوە و هاریکاری نێودەوڵەتی ئیمارات رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزی ئیمارات لە تەهران دەستبەکاردەبێتەوە.
لەراگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوە و هاریکاری نێودەوڵەتی ئیمارات ئاماژەی بەوەکرد کە بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەیف محەمەد ئەلزەعابی، باڵیۆزی ئیمارات لە تەهران بە رێکارە دیبلۆماسییەکانی نێوان دوو وڵات بگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی خۆی.
هاوکات وەزارەتی ناوبراو دەشڵێت، “هەوڵ دەدرێت بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵاتی دراوسێ بەدەستبهێندرێت بە هاریکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پەرە بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بدرێت”.
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات کە هەردوو وڵات بڕیاریاندا نوێنەرایەتیی دیبلۆماسی نێوان هەردوو وڵات بۆ ئاستی باڵیۆز بەرزبکەنەوە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی نێوان عەبدوڵڵا بن زاید ئالنهیان، وەزیری دەرەوە و هاریکاری نێودەوڵەتی ئیمارات و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران.