ئیدارەی گەرمیان وشکەساڵی راگەیاند

ئیدارەی گەرمیان وشکەساڵی راگەیاند

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:44
ئیدارەی گەرمیان وشکەساڵی راگەیاند
0

لایک

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وشکەساڵی لە سنووری ئیدارەکەی راگەیاند. داوا لە حکومەتی هەرێم و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکات بە هانایانەوە بچن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 13-04-2022، جەلال نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان ئەنجامدا، دوای ئەوەی داتاکانمان کۆکردەوە و هیچ هیوایەکیشمان بە ئەگەری بارانبارین نەماوە، وشکەساڵی لە کۆی ئیدارەی گەرمیان رادەگەیێنین”.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان باس لەوەش دەکات، “دوو ساڵە لەسەریەک گەرمیان تووشی وشکەساڵی دەبێتەوە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو کاریگەرییەکە لەسەر گەرمیان خراپتر دەبێت”.

وتیشی، “زیاتر لە 145 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی زیانی پێدەگات، کار لەسەر نرخی ئالیک دەکات بۆ ئاژەڵان و گوندەکان بیرەکانیان وشک دەکات و بەرەو چۆڵبوون دەڕۆن. نەخۆشییەکانی وەک سکچوون، رشانەوە، نەخۆشی پێست و کۆمەڵێک نەخۆشی دیکە بڵاودەبێتەوە کە جێی مەترسین”.

سەبارەت بە کەمبوونەوەی لەوەڕگەی سروشتی لە ئیدارەی گەرمیان جەلال نووری وتی، “ئەو لەوەڕگانە خۆیان زۆر کەم بوون، ساڵی رابردوو ئاژەڵداران دانەوێڵەیان چاندبوو، بەڵام ئەمساڵ کە هیوایەک نەبوو بە باران بارین، ناچارن کۆچ بکەن بۆ ناوچە کوێستانییەکان کە ئەوەش خەرجییەکی زۆریان لەسەر دەکەوێت. هاوکات وشکەساڵییەکە زیانی گەورە بە باخچە و دارستانە دەستکردەکان دەگەیێنێت”.

ناوبراو لەبارەی چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵییەکە دەڵێت، “لە ئەمڕۆوە کۆمەڵێک لێژنەمان دەبێت و راپۆرتێکی هاوبەشی ئیدارەی گەرمیانمان دەبێت. راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی گەرمیان، ڤێتەرنەری گەرمیان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاوی ژێرزەوی و ئاوی سەرزەوی، تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان یەکدەخەین بۆ ئەوەی ئاڕاستەی حکومەتی بکەین، تیایدا داوای بودجەیەکی پێویست و بەپەلە بکەین بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییانمان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان”.