لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، رایگەیاند کە تەواوی گرووپە چەکدارییەکان لە سنجار کشاونەتەوە.
ئەمڕۆ لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق (ina.iq) وتی، “رێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێم جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێزەکانی سەربە حکوومەتی فیدراڵ کۆنترۆلی رەوشەکە دەکەن و ئەمن و ئاسایش لە شنگال بەقەرار دەکەن”.
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، راشیگەیاند، “پۆلیسی خۆجێیی لەناو شارەکە بڵاوەی پێکراوە، هەروەها هێزەکانی پاسەوانی سنووریش لە دەرەوەی سنووری شاری سنجار بڵاو و جێگیرکراون بۆ کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و جەختیشیکردەوە کە سەرجەم گرووپە چەکدارییەکان لە قەزای سنجار کشاونەتەوە”.
لیوا تەحسین خەفاجی روونیشیکردەوە کە “فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان تاکە لایەنە کە دۆسیەی ئەمنی قەزای سنجار و ناوچەکانی دیكەی پارێزگاکە (نەینەوا) بەڕێوەدەبات”.
وتەبێژ بەناوی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد کە “هەماهەنگییەکی هاوبەش لەنێوان فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و هێزەکانی پێشمەرگە هەیە بۆ سەپاندنی ئاسایش لەو ناوچانە”.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانی دووبارەکرانەوە لە قەزای سنجار کە دووبارە دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارییەتییەکان، بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و رەخساندنی ژینگە و کەشێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان لەخۆدەگرێت.
لە ماوەکانی رابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاندبوو کە رێککەوتنێکی مێژوویی کراوە کە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵ بەپێی دەستوور لەسەر ئاستی کارگێڕی و ئەمنی لە شنگال پتەوتر دەکات.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی رابردوو، ھەولێر(ئەربیل) و بەغداد لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە سنجار دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
دانیشتوانی سنجار کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوایان دەکرد کە ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆل بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەموار لە کەمپەکاندا دەژین.