میخایل پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا، لەبارەی بەڕێوەچوونی دانووستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە شاری ئیستانبوڵ وتی “ئەنجامی گفتوگۆییەکانی ئەمڕۆ بەسە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لە ئاستی سەرکردەکان ئەنجام بدرێت”.
میخایل پۆدۆلیاک لە دوای کۆتاییھاتنی دانوستانەکانی نێوان ھەردوو شاندی رووسیا و ئۆکراینا لە نووسینگەی کاری دۆڵمە باخچەی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، لێدوانی پێشکەش کرد و رایگەیاند کە لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، گەیشتوونەتە ئەو خاڵانەی کە ھەم لەلایەن رووسیا ھەمیش لەلایەن وڵاتانی گەرەنتیدەر جێگەی قبوڵە.
وتیشی “ئەنجامی گفتوگۆییەکانی ئەمڕۆ بەسە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لە ئاستی سەرۆک کۆمارەکان ئەنجام بدرێت”.
پۆدۆلیاک لەبارەی کردنەوەی رێوڕەوی مرۆیی و ئاگربەستی مرۆیی رایگەیاند کە بەپێی فۆرماتی داواکارییەکەی شاندی ئۆکراینا، مانۆرەکانی پەیوەندیدار بە گۆڕینی شوێنی یەکە سەربازییەکان کۆتایی پێ دەھێندرێت.
پۆدۆلیاک راشیگەیاند کە بۆ بەدەرخستنی ئەگەری گفتوگۆی نێوان ھەردوو سەرکردە، پێویستیان بە روونی زیاتری دانوستانەکانە و وتیشی “ئەو بەڵگانەی کە ئەمڕۆ قبوڵکراون، بەسە بە ئەنجامدانی ئەمە”.
میخایل پۆدۆلیاک، راوێژکاری نووسینگەی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئۆکراینا، ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆکراینا بە قارەمانانە خەباتی کردووە لە دژی ئەو جەنگەی کە رووسیا دەستیپێکردووە و ئەو شێوازە ئەمنییەی کە ئێستا ھەیە بێ سوودە.
راشیگەیاند “بۆیە بە پشتبەستن بەو داواکاریانەی پێشکەشمان کردووە، دەتوانرێ سیستەمێکی نوێی ئەمنیی دروست بکرێ. زۆربەی وڵاتان لە کۆتادا ئەمە قبوڵ دەکەن”.
میخایل پۆدۆلیاک ئاشکراشی کرد کە شاندی رووسیا بنیاتنەر بوون بەڵام گفتۆیەکان بە ئاسانی بەرەوپێش نەچوون و راشیگەیاند کە بۆ ئەوەی جەنگی لەم شێوەیە دووبارە نەبێتەوە پێویستی بە فۆرماتێکی نوێی ئاسایش ھەیە.